بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەسەربوونی خەبات مەفاخێری لە ئەندامانی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان کە ٦ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، بۆ جاری پێنجەم درێژکراوەتەوە.
ئەم چالاکە ژینگەپارێزە هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر لێپرسینەوەدایە و بە درێژایی ئەم ماوەیەش تەنیا سێ جار توانیویەتی بە کورتی پێوەندیی تەلەفۆنیی چەنددەقەیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت.
ناوبراو ڕۆژی ٦ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرا. دەوترێت ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتۆتە بەر لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە و ئەو هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە شەخسییەکانیدا گرتووە.