لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١١ خوێندکار و چالاکوانی مەدەنیی کورد لە شارەکانی کەرەج، مەهاباد، ڕەبەت و مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار. ئەم کەسانە بریتین لە فەرزاد سامانی، سوهەیب بادرووج، شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار ڕەهوی، سیروان نووری، ئەفشین مام‌ئەحمەدی، بەهمەن یووسفزادە، فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور و دانا سەمەدی.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار(08/01/2021) هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان چالاکێکی ژینگەپارێزیان بە ناوی دانا سەمەدی دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی‌تر، ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی بەفرانبار(09/-01/2021) هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر نووستنگەی خوێندکاریی خاڕەزمی لە شاری کەرەجدا و دوو خوێندکاریان بە ناوەکانی فەرزاد سامانی خەڵکی مەهاباد و سوهەیب بادرووج خەڵکی مەریوان، دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەهابادیش ٥ چالاکوانی مەدەنییان بە ناوەکانی شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالار ڕەهوی، سیروان نووری و ئەفشین مام‌ئەحمەدی دەستبەسەر کردووە.

هەروەها سەرچاوەیەک لە شاری ڕەبەتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ چالاکوانی مەدەنیی دانیشتووی ئەم شارەی بە ناوەکانی بەهمەن یووسفزادە، فەرهاد مووساپوور و فەرەیدوون مووساپوور ڕاگەیاندووە.

  سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دەستبەسەرکراوانە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم کەسانە بەردەست نەکەوتووە.