به‌پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له‌ شاره‌كانی بۆكان، سه‌قز، سنه‌ و مه‌ریوان، ژماره‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان له‌م شارانه‌دا له‌ چه‌ند ڕۆی ڕابردوودا زیادی كردوه‌. ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ر كردنانه‌ درێژه‌ی شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتیان و چالاكوانانی كورده‌ که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێ، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانباره‌وه‌(٩ی ژانویه‌)،  ده‌ستی پێكرد‌وه‌ و هێشتا درێژه‌ی هه‌یه‌. له‌م ماوه‌یه‌دا لانیكه‌م ٥٧ هاووڵاتی و چالاكوانی كورد ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

به‌ پێی زانیارییه‌كان له‌ دوایین ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌كاندا، ڕۆژی ڕابردوو ٥ی ڕێبه‌ندان (٢٤ی ژانویه‌)، بابه‌ك بابایی له‌ سه‌قز و جه‌میل ئه‌حمه‌دی له‌ سنه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، ئه‌فشین ئیلاهی و سیروان ئه‌مینیش ڕۆژی پێش تر له‌ ڕێكه‌وتی ٤ی ڕێبه‌ندان (٢٣ی ژانویه‌)، له‌ سه‌قز ده‌ستبه‌سه‌ر و گواستراونەتەوه‌ بۆ شوێنێكی نادیار. 

ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ له‌ شاره‌كانی تاران، كه‌ره‌ج، بۆكان، ڕه‌به‌ت و مه‌هاباد له‌ وتووێژێكدا له‌ گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان رایانگه‌یاند كه‌ دوای به‌دوادا چوونیان و سه‌ردانیان بۆ دادگای پارێزگای ئازەر‌بایجانی ڕۆژئاوا، ده‌زگای ئیتلاعاتی سپاو ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌م پارێزگایه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ر كردنانه‌ به‌ شێوه‌ی خۆسه‌رانه‌ و به‌ بێ بڕیاری قه‌زای ئه‌نجام دراون.

به‌ وته‌ی ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون توانیوویانه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌كی كورتی ته‌له‌فوونیدا باس له‌ شوێنی ڕاگرتنیان له‌ ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ بكه‌ن، به‌ڵام ده‌زگای دادوه‌ری ئه‌م شارانه‌ و دادوه‌ری گشتی ورمێ به‌ بنه‌ماڵه‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان ئاگایان لە‌م ده‌ستبه‌سه‌ركردنانه‌ نییە و هیچ جۆره‌ بڕیارێكی قه‌زایی له‌ لایه‌ن دادوه‌رییه‌وه‌ بۆ ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ر كردنانه‌ ده‌رنه‌چووه‌. 

تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان هه‌روه‌ها بڕێك وێنه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان له‌ ڕۆژانی ڕابردووه‌دا له‌ به‌رانبه‌ر پادگانی ئه‌لمێهدی سپای ورمێ به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌. بنه‌ماڵه‌كان له‌م كۆبوونه‌وه‌دا داوای زانیاری له‌ سه‌ر بارودۆخ و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كانیان كردووه‌. 

به‌ پێی ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی کە له‌ لایه‌ن تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانەوە كراوه‌، شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌كان له‌ ٢٠ی به‌فرانباره‌وه‌(٩ی ژانویه‌) به‌ شێوه‌ی هاوكات له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا له‌ شاره‌كانی تاران، كه‌ره‌ج، مه‌هاباد، ڕه‌به‌ت و مه‌ریوان ڕوویداوه‌و وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیش هاوكات ده‌ستی داوه‌ته‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی به‌ربڵاوی هاووڵاتیان و چالاكوانانی كورد له‌ شاره‌كانی پیرانشار، بۆكان، نه‌غه‌ده، سه‌قز و مه‌ریوان.  

ناوی ٥٧ هاووڵاتی و چالاكوانی كورد كه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانباره‌وه‌(٩ی ژانویه‌) كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاته‌وه‌ له‌ شاره‌ جۆرواجۆره‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون تاكوو ئێستا له‌لایه‌ن تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانه‌وه‌ پشتڕاست كراونه‌ته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌: 

شه‌ممه‌ ٢٠ی به‌فرانبار (٩ی ژانویه‌)

ئه‌سرین محه‌ممه‌دی له‌ تاران

ئارام یووسفی لە سنە

فه‌رزاد سامانی و سۆهه‌یب بادرووج له‌ كه‌ره‌ج

شه‌پۆل خزری، ده‌ریا تاڵه‌بانی، سالار ڕه‌هه‌وی، سیروان نووری، ئه‌فشین مام‌ئه‌حمه‌دی، سیروان حوسێنزاده‌ و ئیمان عه‌بدی له‌ مه‌هاباد

به‌همه‌ن یووسفزاده‌، فه‌رهاد مووساپوور و فه‌ریدوون مووساپوور له‌ ڕه‌به‌ت

عه‌زیمه‌ ناسری له‌ بۆكان

دانا سه‌مه‌دی، سیروان كه‌ریمزاده‌، كاروان مینوی، زانیار موعته‌مێدی و سه‌لمان ئه‌دوایی له‌ مه‌ریوان

یه‌كشه‌ممه‌ ٢١ی به‌فرانبار (١٠ی ژانویه‌)

جەبار پیرووزی لە مەریوان

دووشه‌ممه‌ ٢٢ی به‌فرانبار (١١ی ژانویه‌)

حوسێن گه‌ردشی له‌ بۆكان

سێشه‌ممه‌ ٢٣ی به‌فرانبار (١٢ی ژانویه‌)

عادڵ په‌روازه‌ له‌ مریوان

سیامه‌ك ئه‌دوایی و ئه‌كرەم ئه‌دوایی له‌ سه‌وڵاوا

پێنجشه‌ممه‌ ٢٥ی به‌فرانبار (١٤ی ژانویه‌).

ئه‌میر بایزیدی ئازه‌ر له‌ گوندی «لج»ی مه‌هاباد

دووشه‌ممه‌ ٢٩ی به‌فرانبار (١٨ی ژانویه‌)

فه‌ره‌یدوون ئه‌دوایی له‌ سه‌وڵاوا

سێشه‌ممه‌ ٣٠ی به‌فرانبار (١٩ی ژانویه‌)

فه‌ریبا ئه‌حمه‌دی، ڕۆژین موحه‌ممه‌دپوور، هێرش ڕه‌سوڵپوور، مه‌حه‌ممه‌د حاجی ڕه‌سووڵپوور، عه‌لی زوڵفی و حوسێین مێهره‌بانی له‌ بۆكان

كه‌ریم خلیفانی و حیسامه‌دین خزری، ڕه‌حمان ئیبراهیمی وڕه‌سووڵ لاوازه‌ له‌ پیرانشار

دیاكۆ زه‌رته‌شتی له‌ نه‌غه‌ده‌

چوارشه‌ممه‌ ١ی ڕبه‌ندان (٢٠ی ژانویه‌)

قادر ڕه‌سووڵپوور له‌ بۆكان

پێنجشه‌ممه‌ ٢ی ڕێبه‌ندان(٢١ی ژانویه‌)

عه‌تا ڕه‌حمانزاده‌ سه‌قز

شه‌ممه‌ ٤ی ڕێبه‌ندان(٢٣ی ژانویه‌)

سیروان ئه‌مینی شارۆچكه‌ی حه‌سه‌ن ئازاوای سنه‌

ئه‌فشین ئیلاهی له‌ سه‌قز

یه‌كشه‌ممه‌ ٥ی ڕێبه‌ندان ( ٢٤ی ژانویه‌)

بابه‌ك بابایی له‌ سه‌قز

جه‌میل ئه‌حمه‌دی له‌ شارۆچكه‌ی حه‌سه‌ن ئاوای سنه‌