تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان

بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییە بۆ ٧٦ کەس

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2021/02/01/p23047

ساکار عەینی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار لە میانەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورددا لە تاران دەستبەسەر کرابوو، گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەیسەڵ عەلی‌ئابادی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «شاوانە»ی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. بەم پێیە ژمارەی هاووڵاتییان و چالاکوانانی دەستبەسەرکراوی کورد لە ڕەوتی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکاندا بەرز بۆتەوە بۆ ٧٦ کەس.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ساکار عەینی، دەرچووی لقی شارسازیی زانکۆی ورمێ، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار دوای ئەوەی بە دەستی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە تاران دەستبەسەر کرا، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ کراوە.

دەوترێ ناوبراو ئێستە لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکانی‌تردا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێدایە. سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نەکەوتۆتە بەردەست.

هەروەها ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان فەیسەڵ عەلی‌ئابادی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «شاوانە»ی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتی لە شاری شنۆ بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون.