سومه‌ییه كارگه‌ر، چالاكی مه‌ده‌نیی خەڵکی ئیلام و ده‌رچووی فه‌لسه‌فه كه له ڕێكه‌وتی ٢٥ی ڕه‌زبه‌ردا له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه له تاران ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، لە حاڵێکدا کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەت و دۆسیەکەی بەردەست نەکەوتووە، هێشتا هەر له به‌ندی ٢ی ئه‌لفی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا ڕاگیراوه.
یه‌كێك له نزیكه‌كانی ئه‌م چالاكوانه مه‌ده‌نییه سه‌باره‌ت به دوایین بارودۆخی ناوبراو به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «خانمی كارگه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م چوار مانگه‌دا كێشێکی زۆری كه‌م كردوه و تووشی نەخۆشیی مه‌عیده بووه و باردۆخێكی جه‌سته‌یی ناله‌باری هه‌یه».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه سومه‌ییه كارگه‌ر نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نی چاوی له‌گه‌ڵه کە بۆتە هۆی لاوازبوونی فراوانی چاوه‌كانی و چه‌ند ساڵێكه له وڵاتی فه‌ره‌نسا به شێوه‌ی به‌رده‌وام له ژێر چاودێریی پسپۆڕانی چاودایه، بڕیار وا بوو خانمی كارگه‌ر له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٢٠دا بۆ درێژه‌ی ده‌رمانه‌كه‌ی بڕواته وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، به‌ڵام ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکەی بووە هۆی پەککەوتنی سه‌فه‌ره پزیشكییه‌کەی.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یە هه‌روه‌ها وتیشی کە سومەییە کارگەر مافی وەرگرتنی دەواودەرمانە تایبەتەکانی لێ زەوت کراوە و له درێژه‌دا وتی: «به‌رپرسانی زیندانی ئێڤین خۆیان ئامادە نەبوون ده‌رمانه ته‌واوكه‌ره‌كانی ناوبراو وەربگرن و ڕادەستی بکەن، ئه‌مەش بۆته هۆی مه‌ترسیدارتربوونەوەی نه‌خۆشییه‌كه‌ی».
به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو دوای ئەوەی دایك و باوكی ئه‌م چالاكوانه مه‌ده‌نییه سه‌ردانی زیندانی ئێڤینی تارانیان کردووە، به‌رپرسانی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی سپای پاسداران هێشتوویانه چاوپێكه‌وتنێكی كورت له گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یاندا بکەن، به‌ڵام له‌م چاوپێكه‌وتنه كورته‌دا لێپرسه‌وه ئه‌منییه‌كانیش ئاماده بوون و به‌رپرسان داوایان له دایكی سومه‌ییه كارگه‌ر كردووە به كوردی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یان قسه نەكه‌ن. ناچاركردنی ئه‌م بنه‌ماڵه كورده به قسه‌كردن به زمانێکی جیا له كوردی، ناڕه‌زایه‌تیی دایكی ناوبراوی لێ کەوتۆتەوە و به لێپرسه‌وه ئه‌منییه‌كانی وتووە من ناتوانم هه‌ستی خۆم به‌رانبه‌ر به منداڵه‌كه‌م جگه له زمانی كوردی به زمانێكی‌تر ده‌رببڕم.
سومەییە کارگەر، چالاكوانی مه‌ده‌نیی کوردی خەڵکی ئیلام و دەرچووی فەلسەفەی زانکۆی تەورێز لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەردا لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرابوو، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەیشی و بە وردی پشکنیبوویان و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە شەخسییەکانیدا، لەوانە کۆمپیتەر و مۆبایلەکەی، گرتبوو. پاش تێپەڕینی چه‌ند ڕۆژ و به‌دواداچوونه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی سومه‌ییه كارگه‌ر، له دادگای ئێڤینه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا كه تۆمه‌تی ناوبراو پێوه‌ندیی بە «تاوانی ئینتێرنێتییه‌وه» هه‌یه.
سومەییە کارگەر نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی چاوی لەگەڵە و چاوەکانی زۆر لاوازن، بە شێوەیەک کە تەنانەت لە کاروباری ڕۆژانەشیدا پێویستی بە یارمەتی‌وەرگرتنە.