له درێژه‌ی شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هاووڵاتیان و چالاكانی كورد، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتی خه‌ڵكی مه‌هاباد به ناوه‌كانی سیاوه‌ش عه‌ینی و شه‌هاب ئه‌حمه‌دی له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌رو ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار كراون.
به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی سێشه‌ممه ١٤ی ڕێبه‌ندان(٢ی فێبریه) هێزه ئه‌منییه‌كان لاوێكی مه‌هابادییان به ناوی شه‌هاب ئه‌حمه‌دی به بێ نیشاندانی حوكمی دادوه‌ریی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
هه‌روه‌ها ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌یش ١٢ی ڕێبه‌ندان(٣١ی ژانویه)، هێزه ئه‌منییه‌كان مامۆستایه‌كی قوتابخانه‌یان به ناوی سیاوه‌ش عه‌ینی كه له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی حاجی عه‌بدوڵا ڕۆسته‌مزاده خه‌ریكی وانه وتنه‌وه بووه ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
ده‌وترێ ئه‌م دوو هاووڵاتییه دوای ده‌ستبه‌سه‌ر بوون ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌منیی ورمێ كراون.