تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندان هێزە ئەمنییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی بێهزاد ئەدوایی لە گوندی سلێنی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ دەستووری یاسایی و دادوەری بووە. هێزە ئەمنییەکان هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی تری خەڵکی ئەم گوندە بە ناوی عەبدوڕەحمان عەبدی و وێڕای شکاندنی دەرگا و شیشەی ماڵەکەی، ویستوویانە دەستبەسەری بکەن، بەڵام لەم کارەیاندا سەرکەوتوو نەبوون.

پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباردا کاروانێکی سەربازیی پێکهاتوو لە هێزە ئەمنییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵی سێ هاووڵاتیی کوردی گوندی ”سلێن”ی هەورامان، دووان لەم کەسانەیان بە ناوەکانی ئەکرەم ئەدوایی ٣١ ساڵان و سیامەک ئەدوایی ٢٤ ساڵان دەستبەسەر کردبوو. هەروەها ڕۆژی ٢٩ی بەفرانبار فەردین ئەدوایی، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئەم گوندە، دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم سێ هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردن، لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایانگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندان. لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانانی کورددا کە لە ٢٠ی بەفرانبارەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستبەسەر کراون. تا ئێستا ناوی لانیکەم ٩٢ هاووڵاتی و چالاکانی کورد لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە تۆمار کراوە.