هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی محەممەد هوشەنگی، چالاکی کورد کە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٩ و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە تاران دەستبەسەر کرا، لە بەردەستدا نییە. ناوبراو دوای دەستبەسەربوون ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.
کەسێکی نزیک لەم چالاکە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای باسکردنی نادیاربوونی چارەنووسی ناوبراو، وتی: «بنەماڵەی محەممەد هوشەنگی تا ٤ مانگ هیچ ئاگادارییەکیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان بەردەست نەکەوتبوو و هەر لەم ماوەیەدا ئەندامانی بنەماڵەکەیشی جارێک لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای جوانڕۆوە بەنگهێشت کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەکەی لە سەرەتای جۆزەرداندا و دوای ئەوەی تێگەشتن کە منداڵەکەیان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە، سەردانی ئەو دەزگا ئەمنی-سەربازییەیان کرد و سەرئەنجام دوای چوار مانگ ئەو دەزگایە بەرپرسایەتیی دەستبەسەرکردنی ناوبراوی قبووڵ کرد: «لە پادگانی ئەلمەهدی بە بنەماڵەکەییان ڕاگەیاند کە ناوبراو هێشتا لە ژێر لێپرسینەوەدایە و تا مانگێکی تریش مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری پێ نادرێت. لێپرسەوە ئەمنییەکان وتوویانە کە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی لەسەرە و بڕیاری دەستبەسەربوونیشی ماوەیەک لەوەوپێش بۆ شەشەم جار درێژ کراوەتەوە».
محەممەد هوشەنگی، چالاکی کوردی خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٩دا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرا. دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزان لە کۆنترۆڵی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیدایە و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، یەکێکە لەو سێ دەستبەسەرگە ئەمنی-سەربازییانەی لە نێو پادگانی ئەلمەهدیی ورمێدایە.