تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان مەهاباد

حسەین حەسەنخانی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2021/07/12/p10667

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕ، حسەین حەسەنخانی، مامۆستای خانەنشین و لە ئەندامانی مەکتەب قورئانی کوردستان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٣ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.

شۆرای بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە نیگەرانیی خۆی لە ئاست دۆخی تەندروستیی ناوبراودا ڕاگەیاندووە: «بەرپرسایەتیی تەندروستیی ئەم برا ٦٢ ساڵەیەمان کە بە هۆی گۆڕینی دوو دەماری دڵەوە لە ژێر چاودێریی بەردەوامی پزیشکی پسپۆڕدایە، هەروەها لەبەرچاونەگرتنی ئەم کێشەیە لە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و مەترسیی گیانی و لێکەوتە خراپەکانی بۆ ناوبراو، هەمووی دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسە پێوەندیدارەکان».

حسەین حەسەنخانی کە چالاکی بواری مافەکانی مامۆستایانە، لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری دەستنیشانکراوی خۆی و بە شێوەی غیابی، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» حوکمی ٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا. بە ڕای دادگا، ئامادەبوونی ئەم هاووڵاتییە لە مانگرتنی مامۆستایانی مەهاباد لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاری و هەروەها هەڵگرتنی پلاکاردێک کە تێیدا داوای ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی کرابوو، بەڵگەیە بۆ سەلماندنی تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت». ئەم حوکمە ماوەیەک لەمەوپێش لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

حسەین حەسەنخانی پێشتر و لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.