تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیویه‌تی کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە و دوابەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی محەممەد خودایی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بە تەلەفۆن بەرپرسانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی «بانەنیوز»، «بانە ٢٤» و «پرسە و سەرەخۆشییەکانی بانە»ی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون.

دەوترێت بەرپرسانی ئەم کاناڵە تێلێگرامییانە لەژێر گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندا ناچار کراون هەواڵی کوژرانی ئەم کۆڵبەرە لە کاناڵەکانیان بسڕنەوە.

لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە هەڕەشەیان لە بەرپرسانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی بانە کردووە چیتر بۆیان نییە هەواڵی کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکاندا بڵاو بکەنەوە.

کاتژمێر ٢١ی شەوی ١٣ی گەڵاڕێزان، دەستەیەک کۆڵبەر لە نزیک گوندی سنووریی «کانی سێف»ی بانەی پارێزگای کوردستان کەوتنە بەر تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد خودایی کوژرا.