لە چەند حەفتەی رابردوودا و دوابەدوای گۆڕانکارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستاندا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردن، بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئەم پاڕەزگایەدا دەستی پێ کردووە.
سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی بانە، سەقز، سنە، مەریوان، دێولان و کامێران باس لە بانگهێشتکردنی تەلەفۆنیی دەیان چالاکوان و زیندانیی سیاسیی پێشوو لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارانەوە دەکەن. لێپرسەوە ئەمنییەکان لەگەڵ هەڕەشەی دەستبەسەرکردنەوەی دووبارەی ئەم کەسانەدا، داوایان کردووە هەرچەشنە چالاکییەکی مەدەنی و سیاسییان ڕابگرن.
هەروەها ڕۆژی ڕابردوو بە دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییە جلوبەرگ مەدەنییەکان هاوکات چوونەتە سەر گوندەکانی «چۆمان»، «نەمشیر»، «نەجنە» و «کۆپێچ» لە شاری بانە و گوندی «ملقەڕنی» لە شاری سەقزی پارێزگای کوردستان و لانیکەم ١٩ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە.
هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی نایاسایی چوونەتە سەر ماڵی ئەم کەسانە و وێڕای پشکنین و دەستگرتن بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیدا، بە توندوتیژیی زمانی و فیزیکییەوە دەستبەسەریان کردوون. هێزە ئەمنییەکان تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا بە لێدان ڕووبەڕووی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم کەسانە بوونەتەوە کە ویستوویانە بەر بە چوونەژوورەوەی نایاسایی ئەوان بۆ ناو ماڵەکانیان بگرن.
محەممەد مەهجوور و عەبدوڵڵا مەهجوور لە شاری سەقز و سەلاح پزیشکی، ڕەفیق پزیشکی، شۆڕش پزیشکی، مەناف پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، حاجی ئەبووبەکر پزیشکی، لوقمان پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، شوکروڵڵا پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، سەعید ڕەشیدی، جەمال مروەتی و عوسمان محەممەدپوور لە شاری بانە، لە ڕیزی ئەو کەسانەدان کە دەستبەسەر کراون. ژمارەیەک هاووڵاتیی تری ئەم گوندانەیش لەبەر مەترسیی دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ماڵەکانی خۆیان بەجێ هێشتووە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
سەرەڕای ئەوەی بنەمالەی دەستبەسەرکراوان سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسانە بدەن.