لە درێژەی شەپۆلی نوێی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستانەوە، لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کوردی دیکە لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز دەستبەسەر کراون. بەم پێیە تەنها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٢٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان لە بانە بۆ دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان، ئامبوڵانسی مانگی سووریان بەکار هێناوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢ هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی کوردۆ حسەینپوور و عەلی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بانە و گوندەکانی ئەم شارە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا ٣ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «پیرعومران»ی سەقز بە ناوەکانی جەمال عەزیزی، سامان خەسرەوی و ئەیوب مینایی لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بە تەلەفۆن بانگهێشت کراون. جەمال عەزیزی و سامان خەسرەوی دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کراون بەڵام ئەیوب مینایی هێشتا هەر دەستبەسەرە.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی گەڵاڕێزان، هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «نێ»ی مەریوان لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی کەیوان مینوویی، فەرید درەخشانی، ئیدریس بەهرامیان، محەممەد ئەحمەدی، عەبدوڕەحمان ئەفشار و عەبدوڕەحمان ئەشتەک دەستبەسەر کردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ناونیشانی ١٩ هاووڵاتی و چالاکی کوردی بڵاو کردەوە کە لە شارەکانی بانە و سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.