ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی گەڵاڕێزان، دوو چالاکی ژینگەپارێزی پیرانشار بە ناوەکانی جەهانگیر ساغەرنیا و خەبات خەتیاڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. هەروەها دوو ژینگەپارێزی تر بە ناوەکانی سالار ساڵحی و نەوید کۆنەپۆشی هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و مۆڵەتی دیدار و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی گەڵاڕێزان، جەهانگیر ساغەرنیا، ئەندامی ئەنجومەنی پشتیوانانی ژینگەی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی ئەم شارە دەستبەسەر کرا. هاوکات ئەندامێکی تری ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزە بە ناوی خەبات خەیتاڵ دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها سالار ساڵحی، بەرپرسی کۆمیتەی ژینگەپارێزیی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەیی کە لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.
سەرچاوەیەک لە مەریوانیش پشتڕاستی کردەوە کە نەوید کۆنەپۆشی، چالاکی ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کە لە ڕێکەوتی ٩ی گەڵاڕێزاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کرابوو، گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
هێزە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ٩ی گەڵاڕێزاندا لە شاری مەریوان چووبوونە سەر ماڵی چالاکی ژینگەپارێزی کورد نەوید کۆنەپۆشی و دەیانویست دەستبەسەری بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووبوو براکەیان دەستبەسەر کردبوو. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان وتبوو تا کاتێک نەوید کۆنەپۆشی خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات کوڕەکەی تریان ئازاد ناکرێت و دەستبەسەر دەبێت.
نەوید کۆنەپۆشی چەند کاتژمێرێک دوای ئاگاداربوون لە دەستبەسەرکردنی براکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بە مەبەستی دیلکردن و بەبارمتەگرتن ئەنجام درابوو، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرد. دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە براکەی تری ئازاد کرابوو.