سەرەڕای تێپەڕینی ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد خالیدی و منداڵە ١٦ ساڵەکەیدا، ئەحمەد خالیدی، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «سەگریک»ی چاڵدێرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هێشتا هیچ هەواڵێک لەسەر دۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ناوەڕاستی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «سەگریک» دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. بنەماڵەی ئەم کەسانە کە دانیشتووی شاری چاڵدێرانن، لەم ماوەیەدا چەندەها جار سەردانی دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی چاڵدێرانیان کردووە بەڵام تا ئێستا ئەو شوێنانە هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەوان پێ نەداون.
دەوترێت چەند ساڵ لەمەوپێش کچی ئەم بنەماڵەیە چۆتە ڕیزەکانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردەوە و لەم ماوەیەدا ئەندامانی بنەماڵەکەی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لەژێر زەخت و گوشاردا بوون تاکوو منداڵەکەیان لە ناو ئەو حیزبە بگەڕێننەوە.