ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی حسەین قوڕەیشی، دانا ئەحمەدپوور و زانا ئەحمەدپوور لە شارەکانی بۆکان و بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان چوونەتە سەر ماڵی حسەین قوڕەیشی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی دانا ئەحمەدپوور دەستبەسەر کردووە، برایەکی ئەم هاووڵاتیشە بە ناوی زانا ئەحمەدپوور دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.