تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی زانکۆ شێرمحەممەدی، ئەفشین دێهقان، ئومید زارعی و حەیدەر سەمەدی کە مانگێک لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنەدان. ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە.
سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان و سەرچاوە دادوەرییەکان، تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنیان ڕانەگەیەنراوە.
لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباردا هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە هەڵمەتێکی هاوکاتدا زانکۆ شێرمحەممەدی، ئەفشین دێهقان و ئومید زارعی خەڵکی دیواندەرە و حەیدەر سەمەدی خەڵکی گوندی «شاقەڵا»ی ئەم شارەیان دەستبەسەر کرد.