تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی به‌ده‌ست هێناوه‌كه‌ ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ڕێبەندان، چالاکی کرێکاریی کورد خەبات دێهدار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا دوای ٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

خەبات دێهدار ساڵی ١٣٨٩ دوای ٨ ساڵ ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەدا و بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە بۆ ئێران. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٨٩دا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا. هەروەها لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ واتە لە دواهەم ڕۆژی کۆتاییهاتنی حوکمە هەڵپەسێردراوەکەیدا سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ خرایە ژێر لێپرسینەوە. ناوبراو دوای ماوەیەک لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» حوکمی ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی بۆ بڕایەوە و حوکمە هەڵپەسێردراوەکەی پێشتریشی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٣ی گوڵانی ١٣٩٥دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا و لە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا لە زیندان ئازاد کرا.