تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ ٢٣ی ڕێبەندان چالاکی مەدەنیی کورد فەرزاد سامانی دوای ١٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

دوو ڕۆژ لەمەوپێشیش لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەنداندا چالاکی مەدەنیی کورد ساکار عەینی کە لەگەڵ فەرزاد سامانی و محەممەد هووشەنگی لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکان و هاووڵاتییانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە شارەکانی تاران و کەرەج دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. لەم شەپۆلە بەربڵاوەی دەستبەسەرکردندا نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە لەم یەک ساڵەی ڕابردوودا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرگەی ٧ی تیری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بوون و پاش ئەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. محەممەد هووشەنگی هێشتا هەر لە زینداندایە.

لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە درێژایی ئەم یەک ساڵە بە بیانووی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئامادە نەبووە دۆسیەی ئەم جالاکە کوردە بخاتە ناو پرۆسەی یاسایی و دادگاییکردنەوە.

فارووق سامانی، برای فەرزاد سامانی، مانگێک لەمەوپێش لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنی براکەم فەرزاد سامانی و ساکار عەینی و محەممەد هووشەنگیدا تێ دەپەڕێت و سەرەڕای هەموو بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و پارێزەرەکان، هێشتا هەر لە دۆخێکی نادیاردان. جەواد غوڵامی، سەرۆکی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کە بەرپرسی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەکە، تا ئێستا بە بیانووی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان و ناتەواوبوونی بەڵگەکانەوە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی خستۆتە دواوە و ئامادەیش نییە بۆ ئازادکردنی کاتییان بارمتە دیاری بکات».

فەرزاد سامانی لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵ لە ڕووداوی هێرشکردنی گاردی زینداندا بۆ سەر بەندی سیاسیی زیندانی ورمێ، لەبەر ئەوەی زیندانییەکان لە بەرانبەر دەستووری گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی تازەی ئەمنی بەرگرییان لە خۆیان کردبوو، کەوتبووە بەر پەلامار و لێدان و لەگەڵ ژمارەیەک زیندانیی تردا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و دوای چەند ڕۆژ گەڕێنرابوویەوە بۆ بەندی گشتی.