گوڵاڵە مورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست ١٠ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و یەکلایی نەکردنەوەی دوسیەکەی لە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانەوە مانی لە خواردن گرتبوو، ئەمڕۆ لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان لە بەدواداچوونی دۆسیەکەیدا کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگرتنەکەی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراوی بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کردەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان گوڵاڵە مورادی لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا و پاش دیدارکردن لەگەڵ بەرپرسانی زینداندا و بەڵێنی هاوکاریکردنی ئەوان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
گوڵاڵە مورادی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی بە ناوەکانی تاهیر بەزازی و مەتین بەزازی ١٦ ساڵان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە ورمێ.
تاهیر بەزازی دوای ١٠ ڕۆژ و مەتین بەزازییش دوای مانگێک مانەوە لەو دەستبەسەرگە ئەمنییە ئازاد کران. بەڵام ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ بە تۆمەتی هاوکاریکرنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حسەینی لەژێر لێپرسینەوەدا بوو. لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لێ کردبوو کە منداڵەکانی ئەشکەنجە دەکەن و هەر بۆیە ئەویش ناچار ببوو بەزۆر تۆمەتەکان قبووڵ بکات.
گوڵاڵە مورادی دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی ورمێ لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامیی پیرانشار ڕای گەیاندبوو هەموو دانپیانانەکانی ناو دۆسیەکە لەژێر زەخت و زۆردا بووە و هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردبۆوە کە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران خستوویەتە پاڵی.