تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان

ڕێگری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ئازادبوونی چالاکی کورد محەممەد هووشەنگی

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2022/02/16/p11751

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، سەرەڕای ئەوەی چالاکی کورد محەممەد هووشەنگی بارمتەی دانابوو، رێگری لە ئازادبوونی گرتووە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە محەممەد هووشەنگی، چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بنەماڵەی ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی گوندێکی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانن، ئاگادار کرابوونەوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراو گۆڕدراوە بۆ بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.

دوای چەند ڕۆژ هاتوچۆکردنی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە لە جوانڕۆوە بۆ مەهاباد و ئەنجامدانی هەموو قۆناغە ئیدارییەکانی دانانی بارمتە و لە حاڵێکدا کە چاوەڕێی ئازادبوونی منداڵەکەیان بوون، دادگای شۆڕشی ئیسلامی پێی وتوون کە لەبەر ناڕازیبوونی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان منداڵەکەیان ئازاد ناکرێت.

محەممەد هووشەنگی لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکان و هاووڵاتییانی کورددا لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٩ لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٧ی تیری ئەم دەزگا ئەمنییە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ. ناوبراو دوای ٦ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.