تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی چالاکی مەدەنیی کورد کەیۆمەرس لەتیفی و دوای دەستبەسەرکردنی گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دەوترێت ئەو هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو پەنایان بردۆتە بەر توندوتیژی و لێدانیش. هاوکات ماڵی ئارەزوو لەتیفی خوشکی ئەم چالاکە مەدەنییەیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکێنراوە و ناوبراو بە هۆی سترێس و گوشاری ڕۆحیی هێرشکردنەکەوە لەسەر خۆ چووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. کەیۆمەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی پێشووی ئەنجومەنی مەولەویی شاری سنە، لە بواری فێرکاریی زمانی کوردیدا چالاک بووە. ئەو پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٨دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.