تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٧ی ڕەشەمە چالاکی دەستبەسەرکراوی کورد محەممەد هووشەنگی، لە چوارەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. ناوبراو لە ٤ی ڕەشەمەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دەستبەسەربوونی درێژماوە و دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا سەرەڕای دانانی بارمتە، مانی لە خواردن گرتووە.
دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی، بە دەستووری بەرپرسانی زیندان مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵەیشی لێ زەوت کراوە.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بنەماڵەی ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی گوندێکی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانن، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە ئاگادار کرانەوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی منداڵەکەیان گۆڕدراوە بۆ بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.
دوای چەند ڕۆژ هاتوچۆکردنی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە لە جوانڕۆوە بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کارە ئیدارییەکانی دانانی بارمتە و لە حاڵێکدا کە چاوەڕێی ئازادبوونی منداڵەکەیان بوون، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمە دادگای شۆڕشی ئیسلامی پێی ڕاگەیاندوون کە لەبەر دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو ئازاد ناکرێت.
ئەم چالاکە دەستبەسەرکراوەیش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دەستبەسەربوونی درێژماوە و دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا سەرەڕای دانانی بارمتە، مانی لە خواردن گرتووە.
محەممەد هووشەنگی لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٧ی تیری ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو دوای ٦ مانگ مانەوە لەم دەستبەسەرگەیەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.