تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو زیندانیی سیاسیی کورد سەیدمحەممەد حسەینی دوای زیاتر لە ٤ ساڵ بەندکران بە بارمتەی قورسی دوو میلیارد تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا (فێبرییەی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە حوکمی ٨ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری هەریسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی بەسەردا سەپا.
ناوبراو پێشتر هەر بەم تۆمەتە حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپابوو کە دوای تانەدانی پارێزەرەکەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە.
سەیدمحەممەد حسەینی کە خەڵکی نەغەدەیە، ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) دوای جیابوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە وەرگرتنی «ئەماننامە» لە سپای پاسداران، هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ ئێران، بەڵام دوای چەند مانگ لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری هەمان ساڵدا (٩ی ژانڤییەی ٢٠١٨) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢١) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بۆ دەر چووبوو. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمەکە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا دیوانی باڵای ئێران لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە ئەم حوکمەی هەڵوەشاندەوە و سەرلەنوێ گەڕاندیەوە بۆلقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.