لە درێژەی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا بە بیانووی بەڕێوەبردن و بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستاندا، لەم دوو ڕۆژەی دواییدا لانیکەم ١٥ هاووڵاتی، چالاکوان و هونەرمەندی کورد لە شاری سنە بانگهێشت کراون بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە قەرارگای «شەهرامفەڕ»ی ئەم شارە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە نێو ئەم کەسانەدا عادڵ نادری، هونەرمەندی ناسراو، ئومید ئەسەدی و چەند هاووڵاتیی تر کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراون. بەڵام سامان میرەکی و ئومید شێخی دوای بانگهێشتکران دەستبەسەر کراون و ئێستە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە لەژێر لێپرسینەوەدان.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک هەواڵی دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کوردی لە ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆزدا لە سنە بڵاو کردبۆوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵان (کودک)ی سنە، هێزەکانی یەکینەی تایبەتی هێزی ئینتیزامی هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمەکە و لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی و چالاکی کوردیان دەستبەسەر کرد.
لە ناو دەستبەسەرکراواندا ئارینا سەلیمی (منداڵی ١٥ ساڵان)، بەتوول ئەعزەمی، تاهیرە شەمشەکی و بەهرام بەهرامی دوای ڕۆژێک بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کران، بەڵام سوهراب جەلالی، ئارمان سەلیمی (باوکی ئارینا)، جەمال ئەسەدی، فواد عینایەتی، سەهەند بەرزنجی، جەمشید فەرزی، عابد خورشیدی، ئارەش شەکیبا، کەیوان مەحموودی، خالید حسەینی، ئارەش فیداکار، کەیهان کاکەخانی و فەردین پەیمانکار هێشتا هەر دەستبەسەرن.
بنەماڵەی هەندێ لەم دەستبەسەرکراوانە باس لە گواستنەوەیان بۆ زیندانی ناوەندیی سنە دەکەن. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «چەند کەس لە دەستبەسەرکراوانی سنە ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایان گەیاندووە کە گوزراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە. لە دادگوستەریی سنە بە بنەماڵەکانیان وتراوە کە ڕۆژی شەممە دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی سەر ئەم کەسانە دۆخی دۆسیەکەیان دیاری دەکرێت».
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕای گەیاندبوو کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆز لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستان، بە دەیان کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمانەیان بانگهێشت کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم حەفتانەی دواییدا دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و پاراستنی ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە ڕێگای بانگهێشتکردن و خستنە ژێر لێپرسینەوەی دەیان هاووڵاتی و چالاکی کوردەوە لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆز هەڕەشەیان لێ کردبوون.
لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە کرابوو بە هێرشکردنی هێزە ئینتیزامییەکان بۆ سەر ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆز لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لێدانی هاووڵاتییان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک، هەروەها دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار بە ناوەکانی ئەحمەد ڕەسوولی و ساسان پاداش بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆزدا لە گوندی «قەڵاتەڕەش» و بڕینی کارەبای گوندی «نستان»ی سەردەشت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەم گوندەدا.
ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ناڕەزایی لە ئاست بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا لەبەر بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆزدا، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردی ناوخۆی وڵات لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا کە نوسخەیەکی نێردراوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر سنووردانانەکان و سەرکوتکردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە لایەن حکوومەتەوە و جەختکردن لەسەر مافی هاووڵاتییان بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە کولتوورییەکان، داوا کراوە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانە ئازاد بکرێن.
لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «ئێمە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کولتووریی کوردستان داوا لە دامودەزگا بەرپرسیارەکان لەم پرسەدا دەکەین وێڕای دڵدانەوەی هەموو ئەو کەسانە و گۆڕینی شێوەڕوانینەکان بۆ مافە کولتوورییەکانی مرۆڤەکان و لابردنی سنوورە ڕەسمی و ناڕەسمییە سەپێنراوەکان، هەرچی زووترە زەمینەی ئازادکردنی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بڕەخسێنن و لەم ڕۆژە سەرەتاییانەی ساڵی نوێدا بنەماڵەکانیان شاد بکەنەوە».
لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکی کوردستان پێشوازییەکی گەرموگوڕ و بەربڵاویان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شار و گوندەکانی کوردستاندا کردووە، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەوڵیان داوە ڕێگری لەو ڕێوڕەسمانە بکەن یان کێشە و لەمپەریان بۆ دروست بکەن. ئەگەرچی لەم دوو ساڵەی دواییدا پەتای کۆرۆنا ببووە هۆی پەککەوتنی بەڕێوەچوونی بەربڵاوی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شار و گوندەکانی کوردستاندا، بەڵام ئەمساڵ سەرلەنوێ لە گەلێ شوێندا ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە برا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دامودەزگا دەوڵەتییەکان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام، بەڕێوەبردنی هەرچەشنە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریی نەورۆزیان مەرجدار کردبوو بە وەرگرتنی مۆڵەتی ڕەسمی لە فەرمانداری (قایمقامییەت)ـەکانەوە. لە ڕەوتی وەرگرتنی مۆڵەتدا بەڕێوەبەران ناچار دەکران بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکەن کە ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی هێما کوردییەکانی وەک جامانە، گوڵی سوور، لەچکی سپی و هەروەها بڵاوکردنەوەی گۆرانیی شاد و سروودی حەماسی و هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک لە ڕێوڕەسمەکاندا. هەروەها لەم بەڵێننامانەدا داوا لە بەڕێوەبەران کرابوو لە ڕێوڕەسمەکاندا ئاڵا و هێماکانی کۆماری ئیسلامی بە کار بهێنن.
هەرچەند ئەمساڵ لەژێر زەخت و گوشاری دامودەزگا دەوڵەتی و ئەمنییەکاندا لە زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی نەورۆز هەڵوەشایەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش گرووپی خۆڕێکخراوی خەڵک توانییان بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز بەڕێوە ببەن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم ڕێوڕەسمانە تا ئێستا لانیکەم لە ٢٥ شار و گوندی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە چووە و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شار و گوندەکانی تریش بەڕێوە دەچێت.
لەم ڕۆژانەی دواییدا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆزی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە نیشاندەری ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک، هەڵکردنی ئاگر، پێشکەشکردنی مووزیک و هەڵپەڕکێی جەماوەرییە، سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.