تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاوریل) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ٥ چالاکی بواری مافی کرێکاران و ژنانیان بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، پەروین عەبدوڵڵاپوور، حەسەن عێزەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی، فاتێح مەجیدی و ئەفشین ڕەحیمی لە شاری بانە دەستبەسەر کردووە.
دەوترێت هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا بە شێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیشیاندا گرتووە.
بەپێی ئەو زایارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیشتمان ڕەحیمیی هاوسەری سەعید محەممەدی دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون ئازاد کراوە، بەڵام ٤ چالاکوانی تر ڕەوانەی دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە سنە کراون.
پەروین عەبدوڵڵاپوور و نیشتمان ڕەحمەتی، چالاکی کرێکاری و مافەکانی ژنان، حەسەن عیزەتی، لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی بیناسازیی شاری بانە، سەعید محەممەدی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، عومەر سلێمانی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جاری تریش بە هۆی کار و چالاکییەکانیانەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.