سوعدا خەدیرزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار کە لە دوامانگی دووگیانبووندایە، سەرەڕای تێپەڕینی ٨ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی کاتییدا هێشتا هەر لە دۆخی دژوار و ناتەندروستی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگیراوە و لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەکیپی پزیشکیی داد دوای دوو جار پشکنینی پزیشکی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە کە ناوبراو دەبێ زۆرخێرا ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سوعدا خەدیرزادە لە مانگی گوڵان (مەی)ی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی نادیاری خۆیدا بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی کاتیی بە دانانی بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو بەڵام تا ئێستا دادگای مەهاباد بە هۆکاری نادیار ئامادە نەبووە بە شێوەی کاتی ئازادی بکات.

ئەم ژنە دووگیانە هاوکات نەخۆشیی گورچیلە، دڵ و دیسکی کەمەر (فەقەرات)یشی هەیە و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کراوە.

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە‌ ٢٢ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٠ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. ناوبراو دوای ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سوعدا خەدیرزادە لە ساتی دەستبەسەربوونەوە هیچ کات مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو پێچەوانەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە سەرەڕۆیانە لە قەڵەم دەدرێت، چونکوو بەبێ ئاگاداربوون لە هۆکارەکانی دەستبەسەربوون بۆ ماوەیەکی درێژ لە حاڵەتی دەستبەسەربوونی کاتیدا ماوەتەوە و لە مافی دیاریکردنی پارێزەریش بێبەش کراوە.

بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤ ژووری سەربەخۆی ٣٦ تەختیی هەیە کە ئێستاکە لە هەر ژوورێکدا لانیکەم ٤٠ زیندانی دەژین. بە هۆی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری تازەوە زیندانییانی ژن نزیکەی ٢٢ کاتژمێری ڕۆژ لەم ژوورە بچووکانەدا دەمێننەوە کە ژمارەیەکی زۆری زیندانییان تێدایە و کەرەستەی هەواگۆڕینیشیان نییە.