تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «کارزان»ی ئیلام بە ناوی کوروش هەواسی کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، تا ئێستە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
ئەم هاووڵاتییە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بووە، ساڵی ڕابردوو وازی لەو حیزبە هێنا و لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوو. ناوبراو لە ناوەڕاستی خاکەلێوەی ئەمساڵدا (سەرەتای ئاوریل) بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ ئەورووپا لە ڕێگای قاچاخچییانەوە برایە شاری سەردەشت بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژ هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە گوندی کارزانی ئیلام و بۆ جارێکی تر دەستبەسەریان کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دەوترێت هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندن تەقەی ئاسمانییان کردووە. سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای ئیلام، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی و شوێنی ڕاگرتنی بەردەست نەکەوتووە.