تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی مەی) ٥ چالاکی بواری مافەکانی کرێکاران و ژنان بە ناوەکانی پەروین عەبدوڵڵاپوور، فواد فارووقی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و فاتێح مەجیدی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانەکانی سنە و بانە ئازاد کراون.
ئەم کەسانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا مافی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریان لێ زەوت کرابوو.
ئەم ٥ چالاکە کرێکارییە لەگەڵ ٣ چالاکی تردا بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، حەسەن عیزەتی و ئەفشین ڕەحیمی لە ڕێکەوتی ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاوریل) لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بانە دەستبەسەر کران.
نیشتمان ڕەحمەتی، حەسەن عیزەتی و ئەفشین ڕەحیمی پێشتر بە دانانی بارمتە و بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کرابوون.
فاتێح مەجیدی لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵاندا (٩ی مەی) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی خۆی و بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لەم ماوەیەدا جارێک بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری بانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی ئەم شارە کرا و بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ دەستبەسەرگە.
پەروین عەبدوڵڵاپوور و نیشتمان ڕەحمەتی، چالاکی کرێکاری و مافەکانی ژنان، حەسەن عیزەتی، لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی کرێکارانی بیناسازیی شاری بانە، سەعید محەممەدی، فواد فارووقی، عومەر سلێمانی و فاتێح مەجیدی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا چەندەها جار لەبەر چالاکییەکانی لە لایەن دامەدەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.