لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورددا لانیکەم ٣ هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی موعین ئەبووبەکری، یووسف ڕەحمانی و زانیار حسەینزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ و پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی موعین ئەبووبەکری دوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها هەمان ڕۆژ دوو هاووڵاتیی تری خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی یووسف ڕەحمانی و زانیار حسەینزادە (١٦ ساڵان) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کران. زانیار حسەینزادە دوای ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بە ئیمزاکردنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کرابوو، بەڵام ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی پووشپەڕ (١٥ی جولای) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سپا سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ناوەڕاستی پووشپەڕەوە (سەرەتای جولای) تا ئێستا لانیکەم ٢ مامۆستای ئایینی و ٢١ هاووڵاتیی کوردی دیکە لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ و و بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەم کەسانە ٢ کەسیان لە بانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ٢١ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی تر بەردەست نەکەوتووە.