لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژدا (٢٣ی جولای) تیمێکی ٤ کەسی لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، هەژیر (محەممەد) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی کە بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕێکختسن بەرەو شاری ورمێ بەڕێ کرابوون، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای ورمێوە لە گوندێکی ئەم شارە دەستبەسەر کران.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم کەسانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و سەردانکردنی دادگوستەری و دامودەزگا ئەمنییەکانی شاری ورمێ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراوان بەردەست نەکەوتووە.
دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە و بە هەمان شێوەی باوی هەمیشەیی، دیسانەوە لە سیناریۆیەکی دووبارەدا ئەم کەسانەیان بە گرێدراوی دەزگای مووسادی ئیسراییل لە قەڵەم داوە و ئەمەیش بۆتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست چارەنووسی ئەم ٤ ئەندامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا.
یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم کەسانە تەنها بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ڕێکخستن و کاری سیاسی نێردرابوون بۆ ورمێ و هیچ چەکوچۆڵێکیان پێ نەبووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم ماوەیەدا چەندین جار بنەماڵەکانی ئەم کەسانە لە شارەکانی کامێران، سنە، دێولان و مەهابادەوە سەردانی ورمێیان کردووە و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی منداڵەکانیان کردووە، بەڵام دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم شارە تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «بەردەوامبوونی ئەم دۆخی بێخەبەرییە لە چارەنووسی هەر ٤ ئەندامە دەستبەسەرکراوەکەی کۆمەڵە و بڵاوکردنەوەی ڕۆژانەی سیناریۆی ساختە لەسەر پێوەندیی ئەم کەسانە لەگەڵ مووساددا، بۆتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانیی بنەماڵەکان لە ئاست چارەنووسی منداڵەکانیاندا».
حیزبی کۆمەڵەی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پڕوپاگەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لەمەڕ چەکداربوون و پێوەندیی ئەندامەکانی لەگەڵ مووساد بە توندی ڕەت کردۆتەوە و «هێنانەئارای ئەم بابەتە بە بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی هەرچی زیاتری کوردستان، فەزاسازیی دژ بە خەباتی ڕەوای خەڵکی ئێران و خۆراکێک بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی» لە قەڵەم داوە.
ئەم حیزبە لە بەیاننامەکەی خۆیدا کۆماری ئیسلامی و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەم حکوومەتەی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی گیانی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی زانیوە و داوای لە دامەزراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ کردووە لە ئاست ئەم سیناریۆسازییە باو و دووبارەیەدا بێدەنگ نەبن.