ژنێکی خەڵکی تاران بە ناوی سەحەر.ف لەگەڵ کچە ١٢ ساڵانەکەیدا بە ناوی تینا.غ بە بیانووی دەمەقڕەکردن لەگەڵ هێزەکانی زیندانی ژنانی مەشهەد، بە دەستووری بەرپرسانی زیندان و بۆ تەمێکردن، ٢٤ کاتژمێر بەسترانەوە بە تەختەکەی نەخۆشخانەی زیندانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هاووڵاتییەکی خەڵکی تاران بە ناوی سەحەر.ف لەگەڵ کچە ١٢ ساڵەکەیدا بە ناوی تینا.غ لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕدا (١٨ی جولای) لە تێرمیناڵی مەشهەد لەبەر دەمەقڕە لەگەڵ شۆفیری پاس و سووکایەتیکردن بە هێزەکانی کەلانتەری دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ زیندانی ژنانی مەشهەد.
ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە و منداڵەکەی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ (٣ی ئاگۆست) لەبەر دەمەقڕەکردن لەگەڵ هێزەکانی زیندان و بە دەستووری بەرپرسانی زیندانی ژنانی مەشهەد ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کرا و تا ئێواەری ڕۆژی ڕابردوو بە کەلەبچە و پێبەندەوە بەسترانەوە بە تەختی نەخۆشخانەکەوە.
ئەم دایک و منداڵە ئێوارەی دوێنێ سەرلەنوێ گەڕێنرانەوە بۆ ناو بەندەکە.
تۆمەتی ئەم هاووڵاتییە «تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەکان» و «سووکایەتیکردن بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران» ڕاگەیەنراوە.