بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەلال ئەمینی لە جادەی «میرئاوا»ی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە بانگهێشت کراوە و خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.
دەوترێت نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان جادەی «میرئاوا» بۆ بۆکانیان داخستووە و ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە ڕاگرتووە و دەستبەسەریان کردووە.
هەروەها دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بە دەیان هێزی چەکداری جلوبەرگ مەدەنی بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و پشکنیویانە.
هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە.
جەلال ئەمینی هاوسەری زیندانیی سیاسیی پێشوو عەزیمە ناسرییە کە لە ساڵانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠دا (٢٠٢٠ و ٢٠٢١) دوو جار لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند مانگ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.