بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانان (٢٥ی ئاگۆست) ٣ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی جەلال ئەمینی، حسەین ئەحمەدی و کازم مام ئیسماعیل دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێوە گوازرانەوە بۆ زیندانی بۆکان. هەروەها ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانان (٢٧ی ئاگۆست) یووسف مام قادری لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

دادگای بۆکان بۆ ئازادکردنی جەلال ئەمینی، حسەین ئەحمەدی و کازم مام ئیسماعیل بارمتەی یەک میلیارد تمەنیی دەرکردووە.

یووسف مام قادری لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا (٢٦ی ژوەن) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعتی ورمێ کرابوو.

جەلال ئەمینی، هاووڵاتییەکی تری خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژدا (١٥ی جولای) لە جادەی «میرئاوا»ی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێ کرابوو.

حسەین ئەحمەدییش لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژدا (٢٠ی جولای) لە شوێنی کارەکەی لە«میرئاوا»ی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ (٢١ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەبووبەکر مام ئیسماعیل لە گوندی «قزڵجە»ی مەهاباد و وێڕای پشکنینی ماڵەکە و دەستگرتن بەسەر کۆمەڵێ کەلوپەلی ئەم بنەماڵەیەدا، ناوبراو و دوو کوڕەکەیان بە ناوەکانی کازم مام ئیسماعیل و کامیل مام ئیسماعیل دەستبەسەر کرد. ئەبووبەکر مام ئیسماعیل و کامیلی کوڕی دوای چەند کاتژمێر ئازاد کران بەڵام کازم مام ئیسماعیل ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێ کرابوو.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییانە کراوەتەوە، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.