ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی جوانڕۆ؛ کەشی قورسی ئەمنی و بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2023/01/02/p23393
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆ، هێزەکانی سپای پاسداران لە هەموو شەقامەکانی جوانڕۆدا جێگیر کراون و دەوترێت دۆخێکی قورسی ئەمنی و سەربازی باڵی بەسەر ئەم شارەدا گرتووە. هەروەها لانیکەم ١٠ هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانبار (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) کاسبکاران و بازاڕییانی جوانڕۆ وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا، مانیان گرت و دووکان و بازاڕیان داخست.
هەروەها هێزەکانی سپای پاسداران بە ئامادەبوونی بەربڵاو لە سەرجەم شەقامەکانی ئەم شارەدا فەزای ترساندن و تۆقاندنیان بەسەر شارەکەدا سەپاندووە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ناسنامەی ٨ لەم دەستبەسەرکراوانە ئاوا ڕاگەیەنراوە: یاسر هیدایەتی، ئوسامه یووسفی، فەرەیدوون ئەحمەدی، ئیدریس بەدیعی، ئیدریس فەتحی، یەحیا عەبدی، شاهین خودامورادی و سادق موستەفایی.
ڕۆژی شەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جوانڕۆدا کە لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە بە قورسی سەرکوت کرا، هاووڵاتییەکی ٢٢ ساڵان بە ناوی بورهان ئێلیاسی بە دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا. هەروەها لانیکەم ١٥ هاووڵاتییش بە گوللەی ساچمە و فیشەکی شەڕی هێزەکانی سپا بریندار بوون.
بابەتی پەیوەندیدار
هەواڵی زیاتر لە جوانڕۆ هەموو بابەتەکانی «دهستبهسهركردنەکان»
-
لە جوانڕۆ هاووڵاتییەک بە دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا
-
خۆپیشاندانی خوێناوی لە کوردستاندا؛ کوژرانی لانیکەم ١٤ کەس تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا؛ ژمارەی هاووڵاتییانی گیانبەختکردووی کورد گەیشتە ٩٧ کەس
-
دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە درێژەی هەیە / ئاماری دەستبەسەرکراوان گەیشتە لانیکەم ٣٣ کەس
-
دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی جوانڕۆ درێژەی هەیە / دوو هاووڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران
-
مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی بە گشتی سزای ١٧ ساڵ بەندکران، ٧٤ قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا
-
دەستبەسەرکردنی دوو مامۆستا و فەقێی کوردی سوننە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی جوانڕۆ و پیرانشار