موحسێن سوهرابی، وەرزشکار و پزیشکی کوردی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، لە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانبارەوە (١ی ژانڤییە) دوای چوونەدەرەوە لە نەخۆشخانە بزر بووە و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «موحسێن سوهرابی ڕۆژی شەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن دەزگایەکی ئەمنییەوە بە شێوەی تەلەفۆنی بانگهێشت کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانبار (١ی ژانڤییە) دوای تەواوبوونی کارەکەی لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بزر بووە و ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیش وتوویانە هیچ ئاگایەکمان لێی نییە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە سەرەتای دەسپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینییەوە، چەندین جار موحسێن سوهرابی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێ کرابوو و بەشی پاراستنی نەخۆشخانەی کەوسەری سنەیش جارێک بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگرتووە، هەر بۆیە ئەوەی کە دامودەزگا ئەمنییەکان دەڵێن ئاگامان لە چارەنووسی نییە، بووەتە مایەی نیگەرانیی هەرچی زیاتری بنەماڵەکەی.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە ڕۆژی یەکشەممە دوابەدوای بزربوونی ئەم پزیشکە، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی.

موحسێن سوهرابی مانگی پێشوو لە وەرزشی یاریی ئاسندا پلەی نیشتمانیی بەدەست هێنابوو و هاوکات لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوەی خێرخوازیی تیشکی مێهری منداڵانی کوردستانە.

بەدەستهێنانی مەدالیای زیو لە پێشبڕکێکانی یاریی ئاسنی کرێکارانی ئێراندا