بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە دەستبەسەر کراوە و گوزراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوسەرەکەی، ئیدریس مێنبەری، سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئیدریس مێنبەری، لە ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزدا (١٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.