بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییە) فائێزە مودەڕیس گورجی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، دوای ئەوەی بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی کە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردووانی داکەوتنی فڕۆکe ئۆکراینییەکەدا لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە لە لایەن پۆلیسەوە لێ کەنرابۆوە، دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

فائێزە مودەڕیس گورجی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا (٨ی ژانڤییە) هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی داخستنی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە کە بووە هۆی گیانبەختکردنی هەر ١٧٦ سەرنشینەکەی، دەیویست سەردانی مەزاری ئایدا فەرزانە و ئاروین مورەتەب لە گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە بکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس دەروازەکانی ئەو گۆڕستانەیان داخست و مۆڵەتیان بە خەڵک نەدا بچنە سەر مەزاری گیانبەختکردووان و ڕێوڕەسمی ساڵیادیان بەڕێوە بەرن.

هێزەکانی پۆلیس هەر لەم ڕۆژەدا و لەبەر ئەوەی کە فائێزە مودەڕیس گورجی دەیویست بەشداری لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا بکات، لە بەردەم دەرگای داخڵبوونی بەهەشتی محەممەدیدا ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەیان لێ کردەوە و دەستیان بەسەریدا گرت.