لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی فەقێ و مامۆستایانی کوردی سوننە لە شارە جیاوازەکاندا، ٢ مامۆستا و فەقێی کوردی سوننە بە ناوەکانی مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی و سەیدتاریق حسەینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی جوانڕۆ و پیرانشار دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بەرنوێژی مزگەوتی چوار یاری نەبیی پیرانشار، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پێشتریش بە هۆی پشتیوانیکردنەوە لە سەرهەڵدانیی سەرانسەریی خەڵک بانگ کرابوو بۆ ئەم دەزگا ئەمنییە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەقێیەکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی سەیدتاریق حسەینی و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩ مامۆستای ئایینیی کورد لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، جوانڕۆ و سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.