بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کامران ئاسا برای کیانووش ئاسا لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) دوو ڕۆژ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کرماشان دەستبەسەر کراوە.

کامران ئاسا، مامۆستای ماتماتیک، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) لە شوێنی کارەکەی لە مۆڵی گوڵستانی شاری کرماشان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی خۆی و هاوسەرەکەی و فەرمانبەرانی تری شوێنەکەیشدا گرتووە.

کامران ئاسا لە یەکەم شەوی دەستبەسەرکردنیدا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندایە. لەدوای کوژرانی کیانووش ئاساوە ئەمە چەندەمین جارە کە براکەی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە لەیەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن و دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە.

کیانووش ئاسا، خوێندکاری زانکۆی زانست و پیشەی تاران و چالاکوانی مەدەنی بوو کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠٠٩، لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٨٨دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٠٩) کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی بەسیج و گیانی لەدەست دا.