بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی ڕێبەندان (١ی فێبرییە) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئاودانانی پارێزگای ئیلام وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر دوو هاووڵاتیی ئەم شارەدا بە ناوەکانی سەجاد مورادیوەندان و ئایەت عارفینیا، ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی.
لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندان و چالاکییانەدا کە تا نیوەشەو درێژەی هەبوو، خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم داوای ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانیان کرد.
ئەمڕۆ داواکاری گشتیی ئیلام لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا ڕایگەیاند کە لەم خۆپیشاندانەدا لانیکەم ١٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون و ٥ هاووڵاتییش بریندار بوون.
محەممەد چراغی و سامان مورادیوەندان لەو هاووڵاتییانەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٣ی ڕێبەندان (٢ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئاودانان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی بڵاوکردنەوەی بانگەواز بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە لە لایەن یەکێک لە چالاکە سیاسییەکانی خەڵکی ئاودانانەوە بە ناوی پەژار مەلێکی کە لە دەرەوەی ئێران دەژی، گەمارۆی ماڵەکەیانیان لە ئاودانان دا. ئەم هێزانە بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی ساچمەیی هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا کە بووە هۆی برینداربوونی چەند ئەندامێکی بنەماڵەکە. لە ڕۆژی ڕابردووەوە خێرایی ئینتەرنێت لە ئاودانان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە. هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کردووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئایەت (یەزدان) عارفینیا، مافناس و بەرپرسی کاناڵی تێلێگرامیی «آبدانان در گذر زمان» کە لە ڕێکەوتی ٩ی گەڵاڕێزاندا (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی ئیلامدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕەجەب محەممەدی» بە تۆمەتی «دروستکردنی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ٦ ساڵ بەندکران (٣ ساڵی هەڵپەسێردراوە)، هەروەها بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» لە ڕێگای دانانی کاناڵی تێلێگرامییەوە سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو هەروەها وەک سزای تەواوکەر، چوونەدەرەوە لە ئێرانی بۆ ماوەی ٢ ساڵ لێ قەدەغە کراوە.
سەجاد مورادیوەندان، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەبەر هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی بە ناچار شاری ئاودانانی بەجێ هێشتبوو، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەنداندا (٣١ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەسجدسولەیمان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.