بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوای خۆپیشاندانی بەربڵاوی جەماوەری لە شەوی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەنداندا (١ی فێبرییە) هێزە ئەمنییەکان لەم ڕۆژانەی دواییدا دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان و تا ئێستا ١١ کەسیان دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی ١١ کەس لەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە کە تا ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە بەم جۆرەیە: سامان مورادیوەندان، محەممەد چراغی، محەممەد‌ غوڵامی، مەجید میرزایی، عەلی سەفەر میروەیسی، ئەمیرحسەین نامداری‌پوور، موجتەبا سەعیدی، عەبدوڵڵا جامی، زەبیحوڵڵا‌ جومادی و ساسان محەممەدوەلی.

شەوی ١٢ی ڕێبەندان (١ی فێبرییە) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر دوو هاووڵاتیی ئەم شارەدا بە ناوەکانی سەجاد مورادیوەندان و ئایەت عارفی‌نیا، ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی.

دوابەدوای ئەم خۆپیشاندانە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی چەند چالاکێکی سیاسیی خەڵکی ئاودانان کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، هەروەها بە مەبەستی گوشارخستنەسەر ئەم چالاکانە دەستیان داوەتە هەڕەشەکردن و بانگهێشتکردنی هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان. هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی بەشداربوونی ئەم کەسانەوە لە بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا، بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی ساچمەیی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و بنەماڵەی پەژار مەلێکی و شۆڕش نەزەری. هەروەها دایکی بەساڵاچووی عیسا بازیاریشیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاودانان بانگهێشت کردووە.