بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) مێهدی تەوەکولی، وێنەگری خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

مێهدی تەوەکولی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٥دا (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٣٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە. ناوبراو کە دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لە پووشپەڕی ١٣٩٦دا (جولای ٢٠١٧) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە یەک ساڵی هەڵپەسێردراو بوو.

ئەم وێنەگرە کوردە جارێکی تر لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

مێهدی تەوەکولی لە وێنەگرانی ناسراوی سنە و مامۆستای وێنەگرییە لە ئەنجومەنی سینەمای لاوی کوردستاندا. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پێشانگای وێنەگریی لەژێر ناونیشانی «ئاوارەکانی شنگال و کۆبانی لە هەرێمی کوردستاندا» لە شاری سنە بەڕێوە بردبوو.