لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە بە ناوەکانی محەممەدعوبەید حەقیقیان و پوویا ڕوستەمیپوور بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٦ی ڕەشەمە (٢٥ی فێبرییە) محەممەدعوبەید حەقیقیان، کارمەندی پێشووی دادگوستەریی سنە، دوای ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە. دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەدا و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە ئاژاوەکاندا» لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەنداندا (٥ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارە.

هەروەها پوویا ڕوستەمیپوور، ڕاهێنەری فۆتباڵ و دەرچووی لقی بیۆکیمیای زانکۆی ئازادی سنە کە لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەنداندا (١ی فێبرییە) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەشەمە (٢٨ی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

دەوترێت تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردەوە ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان لێ زەوت کرابوو.