دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمە (٧ی مارس) هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا و فیلمسازی کورد سادق سامرەیی و ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەم چالاکە فەرهەنگی و پیشەییە دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە.

سادق سامرەیی لە چالاکانی کۆن و ناسراوی کوردە کە تا ئێستا گەلێ کتێب و نووسراوەی لە چوارچێوەی شێعر و چیرۆک و لە بەستێنی ئەدەبیاتی کوردیی خواریندا بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەی پرۆفیشناڵ سەرقاڵی فیلمسازی بووە. «بنملی»، «بلیمەتێک کە ئەسبسواری نازانێت» و «لەسەر تەپۆڵکەیەکی بەرز، دارێکی تەنیام» لە ڕیزی بەرهەمە سینەماییەکانی ئەم فیلمسازەدان.