بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەریبا زەندکەریمی، مامۆستای خەڵکی سنە و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، ڕۆژی سێشەممە ٥ی گوڵان (٢٥ی ئاوریل) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کراوە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە (٥ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو. لێپرسەوە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم مامۆستایە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی و وێڕای پشکنینی، دەستیان گرتبوو بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا.

فەریبا زەندکەریمی بە درێژایی ئەم ماوەیە لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا بووە و لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.