بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گوڵان (٧ی مەی) کەیوان زەندکەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، ٥ ڕۆژ دوای ئازادبوونی کاتی لە زیندانی ئەم شارە، بۆ جارێکی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
کەیوان زەندکەریمی پێشتر لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە دوای دوو مانگ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا و دوای ١٢٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون، لە ڕێکەوتی ١٢ی گوڵاندا (٢ی مەی) بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.