بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گوڵان (٢١ی مەی) ئارمان مینبەری، کاراتەکای خەڵکی سنە، دوای بانگهێشتکران بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
ئەم وەرزشکارە کوردە پێشتر لە رێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣١ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای مانگێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریل و مەیی ٢٠٢٣) لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. یەک لەم کەسانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە، بەڵام لەسەر چارەنووسی ٢٣ کەسی تر کە هێشتا هەر دەستبەسەرن هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.