چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، سنە و دیواندەرە کە بە مەبەستی سەردانکردنی مەزاری گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەقز و بۆکان سەردانی ئەم شارانەیان کردبوو، لە رێگای گەڕانەوەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان (٩ی ژوەن) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەقز و بۆکان چوونە سەر مەزاری ئەو گیانبەختکردوانە.
کۆمەڵێک لەم بنەماڵانە کە دەوترێت ژمارەیان ٣٠ کەسە و چەند منداڵێکیشیان تێدایە، لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.