لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٥ پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی شوانە بابەکری، فەرهاد ئیسماعیلی، ئاسۆ قەلەندەری، ئەحەد تاهیری و سادق مەحموودنژاد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار و نەغەدە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «کانی ڕەش»ی شنۆ بە ناوی شوانە بابەکری لە ماڵەکەی خۆیدا و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هاوکات هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی ورمێ بە ناوی فەرهاد ئیسماعیلی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.
هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ (٣ی جولای) ئاسۆ قەلەندەری، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە و سادق مەحموودنژاد، لە بریندارانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
سادق مەحموودنژاد لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پیرانشاردا گوللەی ساچمەی هێزە ئەمنییەکان بەر چاوی کەوت و بریندار بوو، لەم ڕووداوەدا تۆڕی چاوی چەپی ئەم هاووڵاتییە هەڵدڕا و زەبری قورس بەر چاوی کەوتووە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٠ی پووشپەڕ (١ی جولای) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە ناوی ئەحەد تاهیر و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.
لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتییانە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستی پێ کردووە.