لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا، تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیدریس محەممەدی ئازەر، خزر عەبدوڵڵاهیی ئەمیرئاباد، عوسمان حەمزەزادە، ئارام شەعبان، فەخرەدین پوودات، عەبدولکەریم کاکۆڵ، سلێمان شاروێرانی، یەعقووب فەتاحی، تەیب عەبدوڵڵاپوور، شۆڕش ئیبراهیمی، مامۆستا عومەر ئیبراهیمی و ئیدریس نەوبەخت لە شارەکانی پیرانشار و شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «باولە»ی پیرانشار بە ناوی ئیدریس محەممەدی ئازەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕ (٩ی جولای) ٦ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی خزر عەبدوڵڵاهیی ئەمیرئاباد، ئارام شەعبان، فەخرەدین پوودات، عوسمان حەمزەزادە، عەبدولکەریم کاکۆڵ و سلێمان شاروێرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕیش (١٠ی جولای) مامۆستا عومەر ئیبراهیمی، بەرنوێژی گوندی «گڕگۆڵی خواروو»ی پیرانشار بە هۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییەوە بۆ ئەندامێکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی لوقمان ئاجی کە ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕ (٧ی جولای) بە دەستی کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کرابوو، لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.
هەر لەم ڕۆژەدا ٤ هاووڵاتیی دیکەیش بە ناوەکانی یەعقووب فەتاحی، تەیب عەبدوڵڵاپوور، شۆڕش ئیبراهیمی و ئیدریس نەوبەخت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.